كیەكەگارد وەك ڕەخنەگری هیگڵ (توێژینەوەیەكی شیكاریی ڕەخنەییە هەڵێنجراوە لە تێزی دوكتۆرا)
Contenido principal del artículo
Resumen
پوختە
بەگەڕانەوە بۆ سەرچاوەی سەرەكی لە نێو نووسینەكانی خوداناس و فەیلەسووفی دانماركی سۆرین كیەكەگارد (1813-1855) و لە ڕوانگە و دیدی ئەوەوە بۆ هیگڵ: (1770-1831)؛ ئەم توێژینەوەیە تیشك دەخاتە سەر پەیوەندیی و ناكۆكیی هزریی ئەم دوو فەیلەسووفە، ئەمەش سەبارەت بە چەمكەكانی ڕاستەقینە(truth)، خود (self) و بابەتیبوون(objectivism). كیەكەگارد سەرەتا لە ڕەخنەكانیدا ڕووی لە هیگڵیستە دانماركییەكان و پاشان ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر ڕەخنە لە نووسینەكانی هیگڵ خۆی. ئەو كەلێنە ئاشكرا دەكات كە بابەتیبوون (objectivism)، لە فەلسەفەی هیگڵدا دروستی كردووە، كە كیەكەگارد بە گەڕانەوەی بۆ خود (Selv)، لە هەوڵی پڕكردنەوەیدایە و پێی وایە خودباوەڕییش (subjectivism) هەڵگری ڕاستەقینەی خۆیەتی. كیەكەگارد مكووڕە لەسەر ئەوەی كە ڕاستەقینە شتێكی خودییە و نابێت فەلسەفەش بچێتە سەر ڕێچكەی زانست. لە كاتێكدا هیگڵ دەڵێت دەبێت فەلسەفە ڕێچكەی زانست بگرێتە بەر. كیەكەگارد دەڵێت زۆر شت لەم بوون و ژیانەدا هەن، كە خۆیان بەدەست ئەزموونكاری و تێبینی و تاقیكردنەوەوە نادەن و زانست بەو ئامرازانەی لەبەردەستیدان ناتوانێت پەییان پێ بەرێت، لەوانەش چۆن بتوانین ڕێژەی باوەڕ، ئەڤین، هاوڕێیەتی و بەدكاری و.. لەلای مرۆڤەكان دیاریی بكەین و هەڵیانسەنگێنین. بە چ پێوەرێك داوەری و حوكم لەو بارەیەوە دەربكرێت؟
بۆ خستنەڕووی ئەم كێشەیە پشتمان بە میتۆدی ڕەخنەی فەلسەفیی بەستووە و گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی كیەكەگارد فەلسەفەی بە شێوەیەكی كردەیی بۆ تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ خستۆتەكار و ئەمەش ڕێگەی پێداوە سیستەمی هزری هیگڵ بخاتە ژێر پرسیاری گرنگەوە. بۆ كیەكەگارد هەر ئەوەندە بەس نییە سیستەمێكی بیركردنەوەمان لەبارەی بوون و ژیانەوە هەبێت و بتوانین ژیان و واقیع بە بیرۆكە و نووسین و قسە شییبكەینەوە، بەڵكو پێویستە ئەو بیركردنەوەیە پەیوەست بێت بە ژیانی كردەیی و ڕۆژانەی مرۆڤەكانیشەوە، بگرە پێویستە ئەو بیركردنەوەیە لەو ژیانەوە هەڵقوڵابێت و خزمەتیشی پێ بكات و چارەسەری كێشە ڕۆژانەییەكانیشی بكات.
وشە كلیلییەكان: كیەكەگارد، هیگڵ، ڕەخنەی فەلسەفی، بابەتی، خودی، بوون.