بارودۆخی ڕامیارى نێوان میرنشینە کۆنەکانى عەرەب لە باکوور و باشووری نیمچە دورگەى عەرەبی توێژینەوەیەکى بەراوردکارییه لەنێوان میرنشینی (معین و غساسنە) بە نموونە
Contenido principal del artículo
Resumen
ئەم توێژینەوەیە توێژینەوەیەکى بەراوردکارییە لە مێژووى ڕامیارى نێوان دوو میرنشینی کۆنی عەرەبی، غەساسنە لە باکوور و معین لە باشوورى نیمچە دوورگەى عەرەب، مەبەستیش لەم توێژینەوەیە خستنە ڕووى جیاوازیەکان و لەیەکچووەکانە لەڕووى ڕامیارى و پەیوەندیە دەرەکییەکانى هەردوو میرنشین و دۆزینەوەى هۆکارى جیاوازییەکانە، چونکە جیاوازى بارودۆخی ڕامیارى لە باکوور و باشوورى نیمچە دوورگەى عەرەبی پێشهات و ڕووداوی جیاوازیشى بەرهەم هێناوە. بۆیە دەبینین ئەم دوو میرنشینە هەر لە سەرەتای دروست بوونیان تا ڕووخانیان جیاوازى هەبووە لە بەشێکی لایەنى ڕامیاریان، کە هەڵکەوتەى شوێنى جوگرافی و بوونى زلهێزەکان لە بەشی باکوور و نەبوونى لە باشوور ڕۆڵیان هەبووە لەم جیاوازیەدا، لەهەمان کاتدا خاڵى هاوبەشیش هەبووە لەنێوانیان، چونکە هەردوو میرنشین بنچینە و ڕەگەزیان یەکە و باکووریەکانیش هەر باشووری بوونە بەڵام کۆچیان کردوە بۆ باکوور و لەگەڵ تێپەڕبوونى کات خۆیان گونجاندوە و تێکەڵ بە شارستانییەتى ناوچەکە بوونە.