چارهسهری پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان قەزای مەخموور وەک نموونە
Contenido principal del artículo
Resumen
پوخته:
گرفتی ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان، کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس دروستکرا، لە عیراقی نوێ دا واتە لە دوای روخانی رژێمی بەعس له ساڵی ٢٠٠٣ بە پرسی “ناوچە کێشە لەسەرەکان” ناسێنرا، و چارەسەریەکی یاسایی و ماوەیەکی دیاریکراویش بۆ جێبەجێکردنی چارەسەریی پرسەکە لە دەستووری ههمیشهیی عیراق چەسپێندرا. بەڵام تا ئێستا (ئۆكتۆبهری٢٠٢١) چارەسەرییە دەستوورییەکە بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە؛
قەزای مەخموور، هەرچەندە بەکردەیی لە ساڵی ١٩٩١ لە "پەناگەی ئارام”، کە پێشینەی هەرێمی کوردستان بوو جیاکرایەوە، بەڵام بە فەرمیی لە ساڵی ١٩٩٦ لە لایەن ڕژێمی بەعس لە پارێزگای هەولێر دابڕێندرا و بە پارێزگای نەینەوا لکێندرا. دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ گرفتی قەزای مەخمور بووەتە بەشێک لە پرسی "ناوچە کێشەلەسەرەکان" و چارەنووسی قەزاکە بەستراوەتەوە بە چارەسەریی گشتیی پرسەکە.
لە بەشی یەکەم و دووەمی ئەم توێژینەوەیەدا بە شێوەیەکی بابەتییانە لە هۆکار و فاکتەر و پاڵنەرەکانی گرفتی دابڕاندنی ناوچەکان بەگشتی و قەزای مەخموور بەتایبەتی دەکۆڵرێتەوە، و قۆناخەکان و پەرەسەندنەکان و دەرهاوێشتەکان بە ووردی ڕوون و شی دەکرێنەوە. تایبەتمەندییەکانی گرفتی قەزای مەخموور، وەک بەشێک لە پرسی "ناوچە کێشە لەسەرەکان"، کە بە گشتی پرسێکی گرنگ و چارەنووسسازە لە بەشی سێیەم دا لێیان دەکۆڵرێتەوە و شی دەکرێنەوە، هەروەها کات و شێوازی دابڕاندنی جیاوازیی دەڤەرەکە لە دەڤەرەکانی دیکەی هاوشێوەی ڕوون دەکرێنەوە، و شێوازێکی تایبەتی چارەسەریی گرفتی قەزای مەخمووریش، وەک سەرەتا بۆ دەستپێکردنەوە بە تەواوکردنی چارەسەریی پرسی "ناوچە کێشەلەسەرەکان" بە پێی دەستوور و بە گشتی لەم بەشەدا پێشنیارکراوە. و لە کۆتایی توێژینەوەکەش دا دەرەنجام و ڕاسپاردەکان دەخرێنە ڕوو.