بەرپرسیاریەتى ژمێریارى یاسایی لە رووبەرووبونەوەى خۆدزینەوەى کۆمپانیاکان لە باجى دەرامەت لە هەرێمى کوردستان - عیراق
Contenu principal de l'article
Résumé
باجى دەرامەت جۆرێکە لە جۆرەکانى باجى ڕاستەخۆ کە لەسەر داهات و سامانى کەسەکان دەسەپێندرێت، بە ئامانجى پڕکردنەوەى پێداویستى یە گشتى یەکانى کۆمەڵگا و بەدیهێنانى دادپەروەرى باجی، کۆمپانیاکان وەکو یەکەیەکى ئابوورى بەشدارن لە پڕکردنەوەى پێداویستى یە گشتى یەکانى کۆمەڵگا لە ڕێگاى دانى باجى دەرامەت،
وە بۆ ئەم مەبەستەى کەوا بڕى باج لەسەر داهات و قازانجى کۆمپانیاکان بسەپێندرێت پێویستە ژمێرەى کۆتایی کۆمپانیا لە لایەن ژمێریارى یاسایی یەوە پێداچوونەوەى بۆ بکرێت بۆ دڵنیا بوونەوە لە ڕاست و دروستى زانیارى و بەڵگەنامە دارایی یەکانى کۆمپانیا و لەسەر بنەماى ئەو زانیارى یانەى کەوا کۆمپانیا بە ژمێریارى یاسایی داوە، بە پێی بەڵگەنامەکان هەڵدەستێت بە دیاریکردنى پێگەى دارایی کۆمپانیا و دیاریکردنى ڕێژەى قازانج و زەرەرو ئامادەکردنى ڕاپۆرتى خۆى لەوبارەوەیەوە .
هەربۆیە ژمێریارى یاسایی بەرپرسیاریەتى پیشەیی و شارستانى و سزایی دەکەوێتە ئەستۆ، لە کاتى پابەند نەبوونى بە بنەماکانى ڕەفتاری پیشەیی و پێوەرە ژمێریارى یە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان و یاسا بەرکارەکان، دەبێت قەرەبووى لایەنى زەرەرمەند بکاتەوە، وە ژمێریارى یاسایی سزا دەدرێت کاتێک کە دەبێتە هۆکارى ئەوەى کۆمپانیاکان خۆیان لە دانى باجى دەرامەتى سەپێندراو ڕزگار بکەن و خۆیان بدزنەوە لە باجدان.
ژمێریارى یاسایی ڕۆڵى گرنگ و کارا و سەرەکى هەیە لە نەهێشتنى خۆدزینەوەى کۆمپانیاکان لە باجدان لە ڕیگاى چاودێرى کردن و ووردبینى کردنى ژمێرەى کۆتایی کۆمپانیاکان و زانیاریە دارایی یەکان بە پێى پێوەرە ژمێریارى یە ناوخۆیی یەکان و پێوەرە ژمێریارى یە نێودەوڵەتیەکان و بە پێی یاسا بەرکارەکان .
خۆدزینەوە لە باجدان تاوانێکى ئابوورى ترسناکە کاریگەرى هەیە لەسەر دادپەروەرى باجى و لایەنى کۆمەڵایەتى ژیانى هاوڵاتیان چونکە دەبێتە هۆى دروست کردنى بارگرانى لەسەر شانیان، وە متمانەیان بە ئامانجى باجى نامینێت و بەشدار نابن لە پڕکردنەوەى پێداویستى یە گشتی یەکان و پابەندى یاساکانى باج نابن.
ئەمەش بەهۆى بەربڵاوى تاوانى خۆدزینەوە لە باجدان وە هەروەها سووکى سزاى خۆدزینەوە لە باجدان یاخود سزا نەدانى تاوانباران و هەوڵنەدان بۆ چارەسەرى خۆدزینەوە لە باجدان، کە دواجار خۆدزینەوە لە باجدان هەموو باجدەران و هاوڵاتیان لە دانى باج و پابەند بوون بە یاساکانى باج دوور دەخاتەوە كەواتە ژمێریارى یاسایی بەرپرسیاریەتى یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ و دووچارى سزادان دەبێتەوە بۆیە پێویستە سزا دەق لەسەر کراوەکانى، یاسا بەرکارەکان گونجاو بن لەگەڵ تاوانى خۆدزینەوە لەباجدان وە لەسەر دەسەڵاتى پەیوەندیدارى باجى پێویستە بەدواداچوون و کارى زیاتر بکرێت بۆ رووبەرووبونەوەى دیاردەى خۆدزینەوە لە باجدان ئەمەش لە رێگاى هەموارکردنەوەى یاساکان و دەرچوواندنى یاساى تایبەت بە باجى دەرامەت کە هاوتابێ لەگەڵ پێشکەوتنە ئابوورى یەکان، وە هەروەها دامەزراندنى دادگاى تایبەت بە باج و بەدواداچوون بۆ دیاردەى خۆدزینەوە لە باجدان لە رێگاى بەرێوەبەرایەتیەکانى باجى و بڵاوکردنەوەى هۆشیارى باجى بۆ ناساندنى فەلسەفەى بوونى باج وەک سەرچاوەک لە سەرچاوەکانى داهاتى دەوڵەت .