کاریگەری هەڵاوسانی یاساسازی لەسەر ئاسایشی یاسایی-یاساکانی باج وەک نموونە
Hauptsächlicher Artikelinhalt
Abstract
زێدەرۆیی لە دانانی ڕێسا و یاساکانی باج بە بێ ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی ئاسایشی یاسایی دیاردەیەکی هێناوەتە کایەوە کە بە هەلاوسانی یاساسازی ناسراوە. بەرجەستەترین هۆکارەکانی هەلاوسانی یاساسازی لە یاساکانی باج بریتین لە فرە یاسایی و پەرشوبلاوی یاساکانی باج لە ئەنجامی سروشتی جیاوازی باجەکان، خراپی کوالیتی یاساکانی باج لە ڕووی ڕوالەتی و بابەتیەوە، زیادەڕۆیی لە خستنەڕووی دەقەکانی یاسای باج و ڕێزپەڕە یاساییەکان، هەمواری بەردەوامی یاساکانی باج، دەستێوەردانی حکومەت لە پرۆسەی یاسادانان لە بواری باج، سیستەمی حوکمرانی و پێکهاتەی دەولەت. هەلاوسانی یاساسازی لە یاساکانی باج چەندین دەرئەنجامی لێدەکەوێتەوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی یاسایی باج دادەنێت و بەهای یاسایی یاسادانان دادەبەزێت و ئاسایشی یاسایی لەم بوارەدا دەخاتە مەترسیەوە.
بۆ ئەوەی ئاسایشی یاسایی لە بواری باج بەرپا ببێت، دەبێ هەلاوسانی یاساسازی بۆ کەمترین ئاست داببەزێندرێت، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیار دەکەم یاسادانەری عێراقی و کوردستانی پێداچوونەوەیەکی تەواو بە یاساکانی باج بکەن و بڕگە و ماددە خەشدار و زیادەکان لاببەن و سەرلەنوێ بە کوالیتیەکی بەرز دایانبرێژنەوە، هەروەها باجەکان بە پێی سروشتی هاوبەشیان یەکبخەن، بە جۆرێک کە باجەکانی ڕاستەوخۆ لە کۆدێکدا و باجەکانی ناڕاستەوخۆش لە کۆدێکیتردا رێکبخەن، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە تەکنۆلۆژیای پیشکەوتوو و پسپۆران و یاساناسەکان وەربگرن.
دەستەواژە سەرەکیەکان: هەلاوسانی یاساسازی، ئاسایشی یاسایی، یاساکانی باج، هەرێمی کوردستان، عێراقی فیدرال