کاریگەریی توندوتیژیی میدیایی لەسەر دەروونی خوێندکارانی زانکۆ لە هەرێمی کوردستاندا
Contenu principal de l'article
Résumé
ئێستا میدیا نەک تەنها ڕووداوو دیمەنەکان ڕووماڵدەکات و دەگوازێتەوە،بەڵکو خودی خۆی بووەتە بەشێکی کاراو دانەبڕاو لە دیمەن و ڕووداوەکان ولەڕێی ئامرازەکانی ماس میدیاو سۆشیال میدیاوە. خیرای ئاسانیی گەیشتن بە هەواڵ و زانیاری بووەتە هۆی ئەوەی بینەرو بیسەری مۆدێرن بۆ ساتێکیش دانەبڕێن لە ڕووداوە تراژیدییەکانی جەنگ و کوشتار، کاولکاری و هێرشی تیرۆریستی، کارەساتی سروشتی، ئاوارەبوون بەهۆی جەنگ و برسێتی و قات وقڕییەوە، پەتاو نەخۆشی ومەرگی بەکۆمەڵ وخۆکوژی و دەستدرێژیی سێکسی ودزی تاڵانی، زۆربەی ئەو کەسانەی بەرکەوتنی بەردەوامیان لەگەڵ ئەم توندوتیژییەی میدیادا هەیەو ڕۆژانە ئەم ڕووداوانە دەبینن و دەبیستن، بارودۆخی دەروونی و تەندرووستییان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی خراپی توندوتیژیی میدیاییەوە تا ڕادەی ترس و نیگەرانی و گۆشەگیری و نائومیدی و نیشانەکانی فشاری دوای تراوماش لە هەندێک لە بینەران وبیسەراندا دەردەکەون.
ئەم تویژینەوە وەسفییە، بە پشتبەستن کۆمەڵێ تیۆری و توێژینەوەی پێشوتر لەم بوارەداو لەرێی دابەشکردنی فۆرمی ڕاپێوی و کۆکردنەوەی داتا لە سامپڵێکی 312 کەسی، هەوڵی داوە بە شێوەیەکی زانستییانە کاریگەرییەکانی توندوتیژیی میدیایی لەسەر دەروونی خوێندکارانی زانکۆ لە هەرێمی کوردستاندا دەستنیشانبکات. تویژینەوەکە گەیشتووە بە چەندین ئەنجامی تیۆری و پراکتیکی کە ئەمانە هەرە گرنگەکانیان:
1. توندوتیژیی میدیایی هەژموونی هەیە و تۆوی تێگەیشتن و جیهانبینیەک لە مێشک و دەروونی بینەرو بیسەرەکانیدا دەچێنێت کە بڕوادەهێنن بەوەی توندوتیژی و دوژمنکاری بەشێکی ڕاستەقینەی دانەبڕاوە لە ژیانیاندا .
2. نزیک لە نیوەی خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خۆیان و کەسوکار و هاوڕێکانیان بە شێوەیەک لە شێوەکان تێوەگلاون لە لاساییکردنەوەی ڕەفتارو گوفتاری توندوتیژییەکانی میدیا لە ژیانی راستەقینەیاندا.
3. زۆرینەی خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هاوڕان کە پێویستە لەڕێ سانسۆرەوە کاریگەرییەکانی توندوتیژیی میدیایی کەمبکرێتەوە.