ڕۆڵی کهناڵهکانی ئاسمانی کوردی له هاندانی پێكهوهژیانی ئایینی و نهتهوهیی له ههرێمى كوردستاندا
Hauptsächlicher Artikelinhalt
Abstract
كهناڵەکانی ئاسمانی، لە سەرەتای سەرهەڵدانیانەوە، زۆر بهخێرایی بڵاوبوونەوە، لەگەڵ ئەوەی بههۆی هاتنەکایەی ئامراز و پلاتفۆرمی نوێی ڕاگەیاندن و ئهو پێشكهوتنه سهردهمیانەی، كه لە ڕێی نەوەی جیا جیای ئامێرهكانی پهیوهندیكردن بەدیهات، تا ڕادەیەک بینەریان ڕووی لە کەمی کردووە، بەڵام تا هەنووکە بێ ڕۆڵ و کاریگەریی نین.
پەیوەست بەم پرسە، ئامانجی ئەم توێژینەوەیە، کە بە ناونیشانی (ڕۆڵی کهناڵهکانی ئاسمانی کوردی له هاندانی پێكهوهژیانی ئایینی و نهتهوهیی له ههرێمى كوردستاندا)یە، بریتییه لە دهستنیشانكردنی ئهو ڕۆڵهی، كه کەناڵەکانی ئاسمانی کوردی لە قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیانى ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمى کوردستاندا بینیویانه.
لەم توێژینەوەیەدا، ئاڕاستەی ڕۆڵی جیاوازی ئەو کەناڵانە لەسەر دوو ئاست وەرگیراوە، هەروەک بە شێوەیەکی گشتی ڕۆڵی زۆربەی کەناڵەکانی ئاسمانیی کوردی تایبەت بە هەواڵ و بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی و هەروەها لەسەر ئاستی دووەمیش، هەریەک لە کەناڵەکانی ئاسمانیی کوردی (کوردستان24، ڕووداو، ئێن ئاڕتی و کوردسات نیوز) بە تایبەتی، وەرگیراون.
توێژینەوەکە بە پشت بەستن بە میتۆد و ڕێکاری زانستی، کاری لەسەر ناڕوونی و نادیاری ڕۆڵی کەناڵەکانی ئاسمانی کوردی لە هاندانی پرسی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی کردووە. بایەخی توێژینەوەکە لەوەدایە، پرسێکی هەنووکەیی لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و قەیران و ململانێی فرە پێکهاتەی وەرگرتووە، کە تا ئێستا لە ڕوانگەی ڕۆڵ و ئامادەیی میدیا لەو نێوەندەدا، وەک پێویست توێژینەوەی لەسەر نەکراوە.
توێژینەوەکە، توێژینەوەیەکی وەسفییە، توێژەر، میتۆدی ڕووپێووی ڕاگەیاندنیی بەکارهێناوە، دەستەبژێری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وەک نموونەى کۆمەڵگەی توێژینەوە لە هەر چوار پارێزگاكانى هەرێمى كوردستان وەرگرتووە. بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی، فۆڕمی ڕاپرسی بەکارهێناوە. بۆ دڵنیابوون لە شێوازى زانستى، فۆڕمى توێژینەوەکە، خراوەتە بەردەستی لیژنەیەک لە پسپۆڕان، بە مەبەستى هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەر ڕادەى ڕاستگۆیی، کە ڕادەی ڕاستگۆییەکەى بریتی بوو لە (%96.84).
توێژەر، وێڕای شیکردنەوەی چەمک و ڕەهەندەکانی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و ئاڕاستە و ڕەنگدانەوەی هزری پێکەوەژیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا، گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی، کەناڵەکانی ئاسمانی کوردی دەتوانن ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینن لە لێكنزیكکردنەوەی لایەنەكانی نێو بازنەی ململانێکان و كەمکردنەوەی شوێنەوارە نەرێنییەکان و بەرپاکردنی ئاشتەوایی نێوخۆیی.
كلیلە وشەكان: ڕۆڵ، کەناڵى ئاسمانى، پێكهوهژیان، ئایین، نەتەوە، هەرێمى کوردستان