ماکس ڤێبەر و شیکردنەوەی چەمکی کۆمەڵگا
Contenu principal de l'article
Résumé
ماکس ڤێبەر یەکێکە لە کۆمەڵناسە کلاسیکە گرنگەکان، کە لە بەرەوپێش بردنى کۆمەڵناسی و هزرى ئەخلاقى و سیاسی هاوچەرخیشدا ڕۆڵێکى تایبەتى هەیە. ڤێبەر وەک مارکس رەخنە لە سستمى سەرمایەدارى مۆدیرن دەگرێت، بەڵام ڤێبەر گۆڕانى قۆناغ بە قۆناغ و پلە بە پلەى کۆمەڵگا، لە گۆڕانى رادیکاڵ و شۆرەشگێڕانە بە باشتر دەزانێت، بەوەش دەکەوێتە ئاراستەی بەرامبەر مارکس. ڤێبەر شێوازى دابەشبوونى هێز و دەسەڵات لە کۆمەڵگادا، بە بنەمای ناکوکى کۆمەڵایەتى دەزانێت. لەو باوەڕەدایە هەموو کۆمەڵگایەک بە سێ قۆناغى یەک لە دواى یەکدا تێپەر دەبێت، ئەوانیش: کاریزمایی، نەریتى و ئەقڵانی. مێژووی هەموو کۆمەڵگایەکان بەپێویست دەبێت ئەو قۆناغە تایبەتانەی بڕیبێت تاکو بتوانێت جەوهەر و روحی تاکانەی مێژوویی هەر کۆمەڵگایەک وەک ناسنامەی مێژوویی پیشانبدات. لەم توێژینەوەیەدا تیشک خراوەتە سەر باسەکانی کردەی کۆمەڵایەتی، ئایین، دەسەڵات و چینە کۆمەڵایەتییەکان لە روانگەی ماکس ڤێبەرەوە. لە ئەنجامەکانی توێژینەوەکە: ڤێبەر جەختی کردۆتە سەر تاک، بۆیە ڕەفتاری تاکەکەسی وەک یەکەیەکى بنەڕەتى لە بەرچاو دەگرێت، ئەو پێیوایە سێ کردەى نەریتى و سۆزداری و بەهایی لە جیهانى ئەمڕۆدا بەرەو لای کردەى ئەقڵانى هەنگاو دەنێن. ڤێبەر ئایین بە هیوایەک دەزانێت بۆ چارەسەرى کێشەکان و وەڵامێکى مانادارە بۆ جیهانێکى بێ مانا. سەبارەت بە هێز و دەسەڵات ڤێبەر پێی وایە بنەمای هێز و دەسەڵات جیا لە بابەتەکانى ئابوورى ڕەگوڕیشەیەکى قوڵی دیكەی هەیە کە خۆی لە دەسەڵاتى (کاریزمایی و نەرێتی و ئەقڵانی) دا دەبینێتەوە. سەبارەت بە چینە کۆمەڵایەتییەکان و ململانێكانیان، ڤێبەر بنەمای چینی کۆمەڵایەتی لە یەک هۆکاردا (ئابووری) کورت ناکاتەوە، هەروەها ململانێی چینایەتى لە نێوان نەوەکانى یەک چیندا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات روودەدات.
کلیلە وشەکان: کۆمەڵگا، کردەی کۆمەڵایەتی، ئایین، چینی کۆمەڵایەتی، دەسەڵآت..